شاندی دەمپارتی لەدوای گەڕاندنەوەیان لە دورگەی ئیمراڵی، پەیامی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان راگەیاند.
پەیامەكەی ئۆجەلان بەهەردو زمانی كوردی و توركی لەلایەن پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورك خوێندرانەوەو لەسەرەتادا وێنەیەكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ شاندی ئیمرالی بڵاوكرایەوەوە پاشان لەبەشێكی پەیامەكەیدا ئۆجەلان رایگەیاندبو، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سەد ساڵی رابردودا لە زەمینەیەكدا دروستبو كە لە دوای دوو شەڕی جیهانیدا بو لەو كاتەدا پرسی كوردو قەدەغەی ئازادی لە ئارادابو.
لە بەشێكی تری بانگەوازەكەیدا ئۆجەلان راشگەیاندبو، بانگەوازی چەكدانانی پەكەكە دەكەم لەدوای ئەوەی كۆنگرەی خۆیان دەبەستن و خۆیان هەڵدەوەشێننەوە، ئەم راگەیاندنەش دوای ئەوە دێت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پێشنیاری بانگەوازی ئاشتییەكەی پەسەند كردوە.