نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان ئاماری ئەو پێشێلكاریانەی بڵاوكردەوە كە لەروداوەكانی دێگەڵەو ناحیەی عەربەت كراونەتە سەر رۆژنامەنوسان و دەزگا میدیاییەكان.
دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لە بازگەی دێگەڵەو شارۆچكەی عەربەت چەندین پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان تۆماركراون، لە بازگەی دێگەڵە 54 پێشێلكاری بەرامبەر بە 34 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراوە كە بریتیبون لە 2 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، رێگریكردن لە گەڕاندنەوە بۆ شاری هەولێر 8، هەروەها 16 حاڵەت رێگرییان لێكراوە روماڵ بكەن و 8 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانیش تۆمار كراون، 19 رۆژنامەنوسیش بەركەوتەی گازی فرمێسك رێژبون، جگە لەوەی لەشاری هەولێریش هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵێكی راگەیاندن.
دیاری محەمەد راشیگەیاند، لە ناحیەی عەربەتیش 29 پێشێلكاری بەرامبەر بە 13 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی ئەنجامدراوە كە بریتینبون لە دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان 5 و رێگریكردن لە روماڵ 11 و زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەل 8 و لێدان و سوكایەتیش 5 حاڵەت تۆمار كراون.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتیشی: ئیدانەی ئەو پێشێلكاریانە دەكەین چونكە پێچەوانەی یاسا بەركارەكانە كە مافی داوە بە رۆژنامەنوسان ئازادانە كاری رۆژنامەوانی بكەن، بەڵام ئەوان بونەتە قوربانی ململانێی سیاسی، هەربۆیە داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەین رێز لە میدیاكاران و رۆژنامەنوسان بگرن و زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنن بۆ كاری راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان.