لەبەردەم توڕەییەكی مێژوویدا

هۆشیار عەبدوڵڵا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

یەكێكیتر لە ڕوداوە مێژوویەكانی پەیوەست بە توڕەیی و یاخی بوونی سلێمانی، ئێستایە؛ خێمەی مامۆستایان و ئەو فەرمانبەر و هاونیشتیمانیانەیە كە مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەوان توانیویانە ببنە روداوێكی گرنگ، لانیكەم لە پەیوەست بەو هاوسۆزییە بەرفراوانەی كە لە لایەن چین و توێژەكانەوە بۆیان دەردەبڕدرێت، بەتایبەتی كە روداوەكە لە سلێمانییە بەڵام هاوسۆزی و هاتنە پاڵ مانگرتوان لە لایەن خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە و قەزا و ناحیەكانی ترەوە هێندەی تر وێنەكەی بە نیشتیمانیی كردووە. 
ئەو توڕەیی و مانگرتنە دەگاتە چیی یان ناگا؟ سودی چییە یان چۆنە؟ پرسیاری ڕەوان، بەڵام لەم ساتەوەختە تاریكەی حوكمڕانیدا، لەم دۆخە پڕ لە بێدەنگی و داگیركراوەی هەرێمدا، تروسكایی هەڵوێستێك گرنگە چ جای بگاتە ئەو رۆشناییە گەورەیەی لە خێمەی مانگرتوانەوە گەیشتۆتە دڵی هەموو مرۆڤێكی خاوەن ویژدانی ئەم نیشتیمانە. 
سێ سەرنج یاداشت دەكەم بۆ بەردەمی ئەو مرۆڤە ئازا و هۆشیار و نمونەییانەی كە سەرپەرشتیاری ئەم جوڵە كاریگەرەن:
1. ئێجگار گرنگە ئەم جوڵەیە، ئەم توڕەیی و هەڵوێستە بە پیشەیی بمێنێتەوە و لەسەر بنەمای خاوەن پیشەكان و چین و توێژەكان فراوان بكرێ نەك لە رێگای سیاسیی و حزبە سیاسییەكان، بۆ من ئێجگار جێگای دڵخۆشییە كە دەبینم مامۆستایانی ئاینی، هونەرمەندان، مامۆستایانی قەزا و ناحیەكان دێنە پاڵ هەڵوێستەكە، پشتیوانی ئەوان مانایەكی فراوانتری كۆمەڵگەیی دەدات بەو توڕەییە، بە پێچەوانەی گروپە سیاسیەكانەوە كە زیاتر قەتیسی دەكەن، ئەوە مانای ئەوە نییە دژی پشتیوانی هێزە سیاسیەكان بم بۆ مانگرتوان بەڵام نابێ ببنە روخساری دیاری ئەو توڕەیی و هەڵوێستە نوێ و كاریگەرە! بە كورتی دژی بە سیاسییكردنی ئەو مانگرتنەم و دەمێكە گوتوومە هێزی سیاسیی ئازا بە روخسار و دروشمی دیاری خۆی دێتە سەرجادە نەك لە پشتی توڕەیی و ئازایەتی مامۆستایان و خاوەن پیشەكانی تردا خۆی بشارێتەوە! 
2. بە دیدی من گرنگە ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانیانەی رۆژانە لەو خێمانەوە دەردەچن رێكخراو بن و هیی سەرپەرشیتیاران و ئەو گروپە كۆمەڵایەتی و پیشەوەر و هاونیشتیمانیانە بن كە دێنە پاڵ جوڵەكە، گرنگە رێگری بكرێ لەوەی بقۆزرێتەوە بۆ نمایشی سیاسیی.  
3. جوڵەی ئەو مانگرتوانە پڕە لە ئازایەتی، ئێجگار گرنگە زۆر هۆشیارانەش ئاگاداری دوو پرس بن، یەكیان ئەوەی كە خۆیان خاڵی دەستپێك و كۆتایی تایبەت بە گەیشتن و نەگەیشتنی پەیامەكانیان دیاری بكەن. ئەوەی تریان ئەوەیە هیچ هێزێك لەم سەروەختی دانوستانەدا بۆ كابینەی ١٠ ، مونافیقانە وەك كارتی فشار بەكاریان نەهێنێ، خاڵێك كە پێم وایە مانگرتوان زۆر لەوە هۆشیارترن بەسەریاندا تێبپەڕێت! 
هەموو ڕوداوە گرنگ و مێژووییەكان لە دایكبووی ساتەوەختێكن كە هەرگیز مەرج نییە ئەوسەری تونێڵەكە بە ڕوونی دیار بوبێت، بەڵام توانیویانە ببنە مێژووی گرنگ، ئەوەی لە سەر دەستی ئەو مانگرتووە لە خۆبردوو و ئازایانەش ڕوودەدات هەم گرنگن و هەم مێژوویی. 
بێهێنە بەرچاووی خۆت بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ستەم و بەدكاری و تاڵانكارییەی هەرێم هیچ جوڵەیەك نەبێت،(بەتایبەتی لە غیابی پرۆژەی سیاسیی بەدیل و خاوەن جورئەتدا)، سەرباری ئەو هەموو بەدكارییە هیچ نارەزایەتیەك نەبینرێ، بەڕاستی دەبێتە پرسیاری گەورە لەسەر زیندوێتی كۆمەڵگا! كە بەو چاوە لێێ بڕوانی هەست دەكەی مانگرتن و جوڵەی ئەو گروپە كە دەمێكە گوزارشتن لە ئازایەتی و هۆشیاری بە مانای وشە پڕ بەیاخ و گەورە و گرنگە! 
رەهەند و ئاماژەی تری گرنگ هەن كە دەكرێ لەم مانگرتنەوە بخوێنرێنەوە و بكرێنە پرسیار لەسەر زۆر ئاست، لەم وتارەدا هێندە بەسە و ان شا‌و الله كاتی تر بە كورتیش بێت دەگەڕێمەوە سەریان. 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشتە لە بیروڕای نوسەرەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group