سودانی بۆ وەزارەتی كارەبا: سوتەمەنی زیاتر بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان دابین بكەن

2 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق  وەزارەتی كارەبای راسپارد رێوشوێنی تەكنیكی بگرێتەبەر بۆ باشتركردن و دابینكردنی وزەی كارەبا لەمانگی رەمەزاندا.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی تیمی كارەبای كردوە كە تایبەت بوە بە بەدواداچون بۆ ئەو رێوشوێنانەی كە گیراونەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی پلانی هاوینی 2025.
لەكۆبونەوەكەدا پێكهاتەكانی پلانی فریاگوزاری خراونەتەڕو كە ئامادەكراون بۆ هاوینی داهاتو و پێداویستییەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا كە چاوەڕوان دەكرێت بەمزوانە تەواو بكرێن و لەوبارەیەوە سودانی وەزارەتی كارەبای راسپاردوە رێوشوێنی تەكنیكی بگرێتەبەر بۆ باشتركردنی واقیعی كارەبا لەمانگی رەمەزاندا، هەروەها فەرمانی كردوە بەشێكی زیادە لە سوتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان دابینبكرێن بەمەبەستی زیادكردنی كاتژمێرەكانی كاركردن و لەبەرچاوگرتنی پێداویستی هاووڵاتیان لەكاتی بەربانگ و پارشێودا.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبونەوەكەدا جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی كۆتاییهێنان بە هەندێك كرداری نەرێنی و فەرمانی لێكۆڵینەوەی لە دۆسییەكانی گەندەڵی لە هەندێك ناوچەو حاڵەتەكانی بەدەركردنی نایاسایی لە هەندێك ناوەندی بازرگانی و پیشەسازی كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group