نەوا
شاندی ئیمرالی دەم پارتی كە لە سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورك پێكهاتون سەردانی بەندیخانەی كۆجاعەلیان كردو لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپەو سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە كۆبونەوە.
دوای كۆبونەوەكەش لە پرێس كۆنفرانسێكدا سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا یوكسەكداغ خۆی لێدوان دەدات بەڵام نەیشاردەوە كە لەگەڵ پرۆسەكەدان و هەرچییەك بكەوێتە سەر شانیان ئامادەن جێبەجێی بكەن.
سری سورەیا ئۆندەر وتیشی: ئەم وڵاتە زۆر شتی قورسی لەدەستداوە دوو بابەت هەن كە گەڕانەوەیان نییە، یەكەمیان ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوەو دوەمیان كاتە، هەمو شەهیدو قوربانییەكانی ئەم وڵاتە رێزی ئەم وڵاتەن گەورەترین دیاری كە دەتوانین پێشكەشیان بكەین كۆتاییهێنانە بە شەڕو تاجی ئاشتیی لەسەرنانە، منداڵانی ئەم وڵاتە شایەنی ئەوە نین میراتی شەڕ وەربگرن بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە كە وڵاتێكی ئاشتیخواز رادەستیان بكەین.