نەوا-
لەكۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا بەشداربوانی كۆبونەوەكە چەند پەیامێكیان ئاڕاستەی حكومەتی عیراق كردو داوایانكردوە موچەو بودجەی ساڵی 2025 زامن بكرێت و بەهیچ شێوەیەك دوانەخرێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئەنجامی كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی بە ئامادەبونی وەزیران و بەشێك لەپەرلەمانتارانی عیراق خستەڕو رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە لە رێگەی وەزیرانی كوردەوە چەند پەیامێك بگەیەننە حكومەتی عیراق كە یەكێك لەو پەیامانە دابینكردنی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەو بەهیچ شێوەیەك نابێت دوابخرێت.
هەورامانی وتیشی: لەكۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە ئەگەر بەغدا داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرد ئەوكاتە رەنگە بڕیارێك بدرێت كە لەخزمەتی عیراق و هەرێمی كوردستان نەكات و كاریگەریی لەسەر سەقامیگریی ناوچەكەدا هەبێت، دوابڕیاریش بۆ لایەنەكان دەمێنێتەوە پێویستە لەم پرسەدا هەموان یەكڕیزو یەكهەڵوێست بن.