نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی تایبەتی كرد بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی كێشەی پیسبونی كەشوهەوای هەردوو شاری هەولێرو دهۆك.
بە گوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت ئاماژەیداوە بەوەی پرسی ژینگەپاریزی بەشێكی گرنگی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو پێویستە ئەرك و خەمی هەموان بێت و دەبێت ژینگەو سروشتی جوانی كوردستان بە پاكی رابگرێت و پاراستن و پاكڕاگرتنی ژینگە ئەركی هەمو لایەكمانە.
راشگەیەنراوە، دوپاتكراوەتەوە كە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەی پیسبونی كەشوهەوا زۆر گرنگەو ئەركێكی لەپێشینەی حكومەتە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش راسپێردراون رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردن لەو هۆكارانەی دەبنە هۆی پیسبونی هەواو ژینگەو سزادانی سەرپێچیكاران بگرنەبەر .
لە كۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە هەر پاڵاوگەیەك یان هەر كارگەیەك كە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەكان كار بكات و ببێتە هۆی پیسبونی ژینگە، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها رێگە لە هەر پاڵاوگەیەك یان هەر كەس و لایەنێك بگیرێت كە سوتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە، هەروەها دەبێت سنورێكیش بۆ سوتانی گازی هاوەڵ لە كێڵگە نەوتییەكان دابنرێت.
بڕیاریشدراوە، دەبێت خاوەنی موەلیدەكانی كارەبا پابەندی رێنماییەكانی حكومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر كەسێك سەرپێچی بكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، رێگرییش لە بەكارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆكان بكرێت كە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەكاردەهێنرێت .