لەبارەی موچەی مانگی دوانزەوە!

عومەر گوڵپی

2 رۆژ پێش ئێستا

لەبارەی موچەی مانگی دوانزەوە!
زانیاریی وردو بەڵگەدار لەسەر موچەو دۆخی دارایی ٢٠٢٤ !
وەزارەتی دارایی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، لەو ڕاگەیەنراوەدا دەریخست کە نە وەزارەتی دارایی و نە هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نایانەوێت ڕاستیەکان بڵێن و هەمیشە خەریکی چەواشەکاریی ڕایگشتین، من لەم کورتە وتارەدا، بە زانیاریی وردو بەڵگەوە، ڕاستییەکان دەخەمە ڕوو:

بە پێی داتاکانی خۆیان، بەغداد لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، نزیکەی (١٠,٧٥٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دە ترلیۆن و حەوت سەدو پەنجاو دوو ملیار) دیناری بۆ مووچە ناردووە بۆ هەرێم، هەرێمی کوردستانیش نزیکەی (٩٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – نۆسەدو شەست ملیار) دیناری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بەکارهێناوە، واتە (١١,٧١٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یانزە ترلیۆن و حەوت سەدو دوانزە ملیار) دینار بۆ مووچە خەرج کراوە، ئەم بڕەش پارەی پێویستە بۆ زیاتر لە دوانزە مووچە، چونکە مووچە تا مانگی حەوتی ئەمساڵیش پێویستی بە کەمتر لە (٩٦٠ ملیار) دینار هەبوو، بۆیە بە پێی ژمارەو داتاکەی وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی دوانزەش بە تەواوەتی لەبەردەست هەرێمە!، بەڵام لە دوو خاڵی خوارەوەدا باشتر ڕوونیدەکەمەوە کە هەرێم پارەی بۆ زیاتر لە سێ مووچە بەردەستە، بەمجۆرە:

یەکەم/ بە پێی نووسراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ژمارە (٣٠٧٥) لە (٢٨ی ٣ی ٢٠٢٤)، داهاتی هەردوو مانگی یەک و دووی سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)ی هەرێم بریتی بووە لە نزیکەی (٩٠٥) ملیار دینار، واتە بۆ مانگێک نزیکەی (٤٥٣ ملیار) دینار، دواتر گوتیان ئەم نووسراوەمان هەڵە بووەو داهاتی ناوخۆی هەرێم (بەبێ نەوت) مانگانە (٣٢٠ تا ٣٥٠ ملیار) دینارە، کەواتە ئەگەر ئەم ژمارەیەی دواییشان ڕاست بێت (کە زیاترە لەوەش)، ئەوە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٤,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و دوو سەد ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، لەو بڕەیە کەمتر لە (٤٠٠ ملیار) دینار نێردراوە بۆ بەغدا، مانگانەش خۆیان دەڵێن نزیکەی (١٥٠ ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج دەکەین، واتە نزیکەی (١,٨٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و هەشت سەد ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، کەواتە: بەو پارەیەی نێردراوە بۆ بەغداو بەوەشی بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، هەرێمی کوردستان لەو داهاتەی ناوخۆ دەستی کەوتووە (٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن) دیناری لەبەردەستە، خۆیان دەڵێن لەو داهاتە نزیکەی (٩٦٠ ملیار) دیناریمان بۆ تەواوکاری مووچە بەکارهێناوە، کەواتە هەر بە پێی داهاتی خۆیان (بەبێ نەوت) نزیکەی (١,٠٤٠,٠٠٠,٠٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و چل ملیار) دینار داهاتیان زیاترە لە هەموو پێویستی و خەرجییەکان، ئەمەش زیاترە لە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی دوانزە (دیسان دەڵێینەوە بەبێ نەوت)!

دووەم/ ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن ئێمە بەردەوامین لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، بە پێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٣٠٠,٠٠٠ تا ٣٢٠,٠٠٠ بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وەزارەتی دارایی و هیچ کەس لە حکومەتە تاریکە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی باسی ئەم داهاتە ناکات! کە بەمجۆرەیە: بەرمیلێک نەوت بە پاڵاوگەو بە تەنکەر بە نزیکەی نیوەی نرخە جیهانییەکەی لە (٢٠٢٤) فرۆشراوە، کە نزیکەی (٣٠ تا ٣٥ دۆلار) بووە، بەمجۆرە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتویەتی، پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتەش بریتیە لە (٣,٢٤٠,٠٠٠,٠٠٠ سێ ملیارو دووسەدو چل ملیۆن دۆلار) کە بە دینار دەکاتە (٤,٨٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و هەشت سەدو شەست ملیار) دینار، کە بە پێی زانیارییەکانی خۆیان نیوەی بۆ کۆمپانیاکان و نیوەی بۆ هەرێمە، کەواتە لە فرۆشتنی نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوت، هەرێمی کوردستان (٢,٤٣٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن و چوارسەدو سی ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە! ئەم پارەیەش بە تەنها بەشی خەرجکردنی زیاتر لە دوو مووچە دەکات.

بەمجۆرە لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەمی سەرەوە، واتە لە داهاتی زیادەی ناوخۆو داهاتی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣,٤٧٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – سێ ترلیۆن و چورسەدو حەفتا ملیار) دیناری لەبەردەستە، کە بەشی خەرجکردنی زیاتر لە سێ مووچە دەکات نەوەک تەنها مووچەی مانگی دوانزە!
بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی بەرپرسانی گەورەو بچوکی هەرێم کە بڵێن ناتوانین مووچەی مانگی (١٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) دابەش بکەین، درۆیەکی شاخدارەو نابێت خەڵکی کوردستان لێیان قبوڵ بکات.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی نەوا بڵاودەكرێنەوە، تەنها گوزارشت لە بیروڕای نوسەرەكەی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group