نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشــتی ئاسایشی هەولێر گەشتیاران ئاگادار دەكاتەوە كە پێویستە ڤیزا كاردەكانیان بەناوی خۆیانەوە بێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری هەولێر ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەكاتەوە كە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن پێویستە لەكاتی گەشتكردنیاندا ڤیزەكارد یان ماستەركاردەكە بەناوی خودی گەشتیارەوە بێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاوڵاتییەكەش روبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەشیكردوە، ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری ژمارەیەكی زۆر لە ڤیزەكارد یان ماستەركاردن بەناوی خەڵكی ترەوەن و بەناوی خۆیانەوە نییە، لەكاتی گەشتكردنیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەم هەڵگری ئەم جۆرە كارتانەش و هەم ئەو هاوڵاتیەی كە ڤیزەكارد یان ماستەركاردەكەی بە ناوەوەیە روبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە كارتە بانكییەكانیش بلۆك دەكرێن.
ئاسایشی هەولێر داواشی لە هاووڵاتیان كردوە ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەكانیان بن و رێگە نەدەن خەڵكی تر بەكاریان بهێنێت بۆ دروستكردنی هەژماری بانكی و كارتی بانكی یان كارتەكانیان بدرێتە كەسانی دیكەو مامەڵەی پێ بكرێت بۆئەوەی توشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبن.