وتەبێژی كۆمسیۆن: ژماردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوەی دەستی و ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت

11 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە شێوەی دەستی و ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت و كامیرای چاودێری لە بنكەكانی دەنگدان دادەنرێت.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندوە، پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوەی دەستی و ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت، گەر جیاوازی ژماردنەكە 5% بو ئەوا پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێ، ئەگەر جیاوازیەكە زیاتر لە 5% بو، ئەوا بنكەكە بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی و دوبارە دەنگەكان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
جەختی لەوەشكردەوە، كامیرای چاودێری لە بنكەكانی دەنگدان دادەنرێت و مافی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە شێوەی نهێنی پارێزراو دەبێت، لە ڕێگەی كامیراكانەوە چاودێری پرۆسەكە دەكرێت و دەبێت دەنگدەر ئازادانە دەنگ بدات.
ئەوەشی خستەڕو، كارتی بایۆمەتری گەرەنتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بە شێوەی پاك و خاوێن دەكات، چونكە كارتەكە ساختە ناكرێ و پەنجە مۆر و وێنەی دەم و چاوی دەنگدەری پێوەیە، كەس ناتوانێت لە جێگەی كەسی تر دەنگ بدات.
ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە ڕۆژی 20ی مانگی داهاتو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group