پارەو بێ پارەیی

سەركۆ یونس

24/08/2024

سەركۆ یونس*
هەر لەكۆنەوە وتراوە، پارە هۆكارە نەك ئامانج.
 پارە، ئامڕازێكی گرنگ و ستراتیژی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگایە، بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەمان.
بابەتی پارە و بێ پارەیی، لەهەرە گرنگترین كێشەو نەهامەتییەكانی ئێستای خەڵكە، هەوڵ و ماندووبوون و ئیشوكاری ڕۆژانەمان هەر بۆ پارەیە، بۆئەوەی بەهۆی پارەوە، خۆش بخۆین، خۆش بژین. هتد....
كێ دەڵێت، پارە خۆشبەختی ناهێنێت؟ با پارەكانی ببەخشێت بەكەسانی بێ پارە.
واقیع ئەوەی سەلماندووە، پارە سەرچاوەی سەرەكی خۆشبەختی و دڵخۆشی كەسەكانە، بەبوونی پارە، نزیكەی 90% كێشەو ئاریشەكانمان چارەسەر دەبێت، ئەو 10% با هەر چارەسەر نەبێت.
بێ پارەیی، دەردێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت سیاسیشە!
بەهەبوونی پارە، ئابورییەكی بەهێزو تۆكمەت دەبێت، دەتوانیت پێداویستییەكانت باشتر و ئاسانتر بەدەستبهێنیت، بەپارە ژیانی باشتر و خوێندنی باشتر و هەموو شتەباشەكانی تر، بەدەستدێت، هتد...
بەبوونی پارە، باری كۆمەڵایەتی، بەرزتر و باڵاترمان دەبێت، نمونەی پارەدارەكانی ناو كۆمەڵگا بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشكرایە.
بە هەبوونی پارە، باری دەروونی تاك و خێزان و كۆمەڵگا بەگشتی، لەوپەڕی باشیدایە.
كۆمەڵگایەكی خاوەن پارە، كێشەی كەمترە و بارودۆخی سیاسیشی سەقامگیرترە.
پێمان وایە، بوونی پارە، لەلایەنی ئایینیشەوە گرنگە، بەپارە دەتوانرێت خێروچاكە بكەیت، بەشێك لەڕەزامەندی خوای گەورە، بەدەستبهێنیت.

كەواتە پارە، دەرمانی زۆربەی دەردەكانە، تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت، خێزانێك نەخۆشێكی شێرپەنجەیان هەیە، ڕاستە قورسە، بەڵام بەبوونی پارە چارەسەری ئەگەر هەبێت ئاسانترە، باشترە، بێ خەمترە..
باوك و دایكێكی فەرمانبەر، بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە، بێ پارەن، ناتوانن پێداویستییەكانی ڕۆژانەی ماڵ و مناڵەكانیان دابین بكەن، چ هەستێكی ناخۆشە؟!
بەڵێ، پارە خۆشبەختی دەهێنێت بۆ خۆت، بۆ ماڵ و مناڵ، بۆ هەموو كۆمەڵگا بەگشتی.
خۆشبەختی، هۆكاری زۆری هەیە، بەڵام لەگرنگترین هۆكارەكان، پارەیە.
لێكۆڵینەوەكان، ئەوەیان سەلماندووە، پەیوەندییەكی پتەو و گەورە و ڕاستەوانە هەیە لەنێوان پارە و خۆشبەختی.
لەم قەیرانەدا، بەراوردی دوو خێزان بكە، هەردوولا، پشت بەمووچە دەبەستن، لەئێستادا مووچە دواكەوتووە، خێزانێكیان پارەیان پاشەكەوتكردووە چ لەبانك بێت یان ماڵەوە، خێزانەكەی تر، هیچ پارەیان نەماوە ونی یە، خێزانی دووەم نوقمی خەم وخەفەتی بێ پارەین و ناتوانن تەنانەت پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بكەن، دەبێت لەچ ئاستێكی خۆشبەختیدا بن بەبەراورد بە خێزانی یەكەم؟!
كەواتە بەڵێ، نەك پارەی كاش، بوونی پارەی پاشەكەوتكراو، هۆكارێكی گرنگی خۆشبەختی یە..
*ئابووریناس

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشتن لە راو بۆچونی نوسەرەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group