هەردو حكومەتی هەرێم و عیراق چوار بەنداو دروست دەكەن

07/07/2024

نەوا-
هەردو حكومەتی هەرێم و عیراق چوار بەنداوی گەورە لە هەرێمی كوردستان بنیات دەنێن.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوە، حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ دروستكردنی چوار بەنداو لە هەرێمی كوردستان پێكهێناوە، پڕۆژەكە لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی هەردو حكومەتەو دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنیان.
وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ وتیشی، ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر دروستكردنی چوار بەنداو دەكەن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دروستكردنیان تێچویەكی زۆری پێویستەو لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێم نەیدەتوانی  جێبەجێیان بكات، بۆیە ماوەیەكە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حكومەتی عیراقدا كردوە تا بودجەی دروستكردنی ئەو بەنداوانە لە ئەستۆ بگرێت چونكە سودی بۆ عیراقیش تێدایە.
هیوا عەلی راشیگەیاندوە، لەماوەی رابردودا كۆبونەوەمان لەگەڵ دەستەی راوێژكارانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردوە، ئەوانیش ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەربڕیوەو دەستمانكردوە بە دوبارە تاوتوێكردن و دیزاینكردنەوە بۆ هەر چوار بەنداوەكە، هەمو وردەكارییەكانی تەواو بون و رەزامەندی هەردو حكومەتیش دراوە، تەنها ماوە پارەی بۆ تەرخان بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group