نەوا-
بەرپرسێكی توركمان دەڵێت، بڕیارمانداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین و مافی پێكهاتەكانیش بگەڕێنینەوە.
محەمەد سەعدەدین بەرپرس لە بەرەی توركمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشتر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بێبەش كراین لە 111 كورسییەوە كەمكرایەوە بۆ 100 كورسی و لە دابەشكارییەكەشدا هیچ بۆ پێكهاتەكان تەرخان نەكرا، دوای ئەوە بڕیارەش ئێمە وەك پێكهاتەكان و بەتایبەتی پێكهاتەی توركمان بڕیارماندا بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەین، دواتر هەوڵماندا لە رێگەی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعیراق و هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانەكان و لایەنە سیاسییەكان ئەو مافەمان بۆ بگەڕێتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سكاڵامان لە دادگای فیدرالی پێشكەش كرد دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا كە 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان بكرێت كە 2 كورسی بۆ توركمان و 3 كورسی بۆ مەسیحییەكان دابەشی سەر پارێزگاكان بكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئێمە وەك توركمان بڕیارماندا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین، هەوڵ دەدەین لە دەستوری هەرێمی كوردستان مافی پێكهاتەكان جێگیر بكەین و ئەو 11 كورسیەی پێكهاتەكان بگەڕێتەوە چونكە ئەو ژمارەیەی ئێستا هەیە گوزارشت لە ژماری راستەقینەی پێكهاتەكان ناكات.