نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ مەحمود ئۆزدیل سەرۆكی دەزگای مەعاریفی توركی و شاندێكی یاوەری، باسیان لە كارو چالاكییەكانی دەزگاكەیان لە عیراق و هەرێمی كوردستان كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربون وەك سەرۆكی دەزگاكە، هیوای سەركەوتنی بۆ ئۆزدیل خواستوەو هەمو هاوكاری و پشتگیرییەكی بۆ سەرخستنی كارو پرۆژەكانی دەزگای مەعاریفی توركی لە هەرێمی كوردستان دوپاتكردوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بە دەرفەتەكانی هاریكاریی هاوبەش و سودوەرگرتن لە ئەزمونە سەركەوتوەكانی توركیا لە بواری خوێندن و پەروەردەدا كردەوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای مەعاریف پێزانینی بۆ پشتگیری و هاریكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەزگاكەدا دەربڕی و باسی لەقوتابخانەكانی سەر بە دەزگاكە لە بەغداو هەولێر كرد، هەروەها خواستی دەزگاكەی بۆ برەودان بە هاریكاری لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارو هاوشێوەكانی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.