نەوا-
لەكاتێكدا كەشوهەوا سارد دەكات و دەچینە ناو وەرزی زستانەوە ئازاری جومگەو ماسولكە لەو كەسانەی كە لە بنەڕەتدا ئەو ئازارەیان هەیە رو لە زیادبون دەكات.
د. هەڤین كەمال شاه محمد پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج باس لەوەدەكات، لەزستاندا و لەكەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسولكەو جومگەكان بەگشتی زیاد دەكەن، بەڵام زیاتر ئەو جومگانەی دێشێت ئەژنۆكان و جومگەی حەوزو قولەپێیە، لەڕاستیدا هەتا ئێستا توێژینەوەكان لەسەدا سەد نەیان سەلماندوە هۆكاری سەرەكی بونی ئەو ئازارانە لە زستاندا چین ، بەڵام هەندێك لە پزیشكەكان هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە:
1- لەوەرزی زستان و لەكاتی سەرمادا جەستە هەوڵ دەدات گەرمی خەزن كات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەكان، لەكاتی رودانی ئەمەدا ئەو بۆری خوێنانەی لەپەلەكانن گرژدەبن و كەمتر خوێن بچێت بۆیان كەئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و رەق بن، ئەمەش ئازار و ناڕەحەتی دروست دەكات.
2- یەكێكی تر لەبیردۆزەكان ئەوەیە لەكاتی زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی هەوادا روئەدات دەبێتە هۆی زیادكردنی هەوكردن لە جومگەكان بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە خۆیان رۆماتیزم و كێشەی جومگەیان هەبوە پێشتر، ئەم هەوكردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سوربونەوە دروست دەكەن، هەروەها دەمارەكان هەستەوەر تر دەبن بۆ هەستی ئازار.
3- كەشی سارد وادەكات ماسولكەكان زوتر گەرمی ونكەن كە ئەمەش دەبێتە هۆی گرژبون و رەق بونی ماسولكەكان، وە وزەیەكی زیاتریان پێویستە بۆ هەڵسان بە كارەكانیان كەئەمەش دەبێتە هۆی زیادكردنی ئازار.
4- وشكبوونەوە بەهۆی سەرماوە: لەبەرئەوەی لەكاتی سەرمادا مرۆڤ ئاو كەمتر دەخواتەوە وەك لە كاتەكانی تر، بۆیە لەشی مرۆڤ توشی وشك بوونەوە دەبێت، و لەبەرئەوەی ئاو پێكهاتەیەكی گرنگی لینجی نێوان جومگەكانە، كەمبونەوەی لینجی نێوان جومگەكان كەمدەكاتەوەو بەوەش ئازار و رەقبون دروست دەبێت.
5- هەندێك لە پزیشكەكان دەڵێن لەكاتی وەرزی زستاندا، خواردنەوە گەرمەكانی وەكو : چا و قاوەو نیسكافە، بە رێژەیەكی زۆر زیاتر دەخورێتەوە، كەئەمەش رێژەیەكی زۆر كافایینی تێادایە كە دەبێتە هۆی زیادكردنی ئازار لەجەستەدا .
6- چەند توێژینەوەكی تر دەڵێن : لەزستاندا چالاكی كەمترە بەگشتی و وەرزش كردن كەمتر دەبێتەوەو خەڵك زیاتر دەنوێت یان رادەكشێت و پاڵدەكەوێت لە ژورەوەو كەمتر دێنەدەرەوە، بۆیە ماسولكەكان تەمەڵ دەبن و جومگەكان رەقدەبن لەئەنجامی كەمی جوڵە ، كەئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی ئازار لەكاتی جوڵاندن و هاتوچۆدا .
7- شێداری لەگەڵ سەرما هەردوكیان كاریگەریان هەیە لەسەر زیادكردنی ئازاری جومگەكان ، ئەویش بەهۆی كاریگەرە خراپەكانیان لەسەر تەندروستی ئێسك و كركڕاگەی جومگەكان .
8- لەكاتی سەرمادا ئەو لینجییەی لەناو جومگەكاندا هەیە (synovial fluid)خەست دەبنەوەو بە باشی هاتوچۆ ناكەن لەنێوان جومگەكاندا كەدەبێتە هۆی رەقبون و كرتەكرت كردنی جومگەكان .
9 - لەكاتی كەشی ساردا، هەستەوەری دەماری ناو جومگەكان زیاد دەكات ، بەهۆی دروستبونی هەوكردن و لێكخشان بەهۆی سەرماوە .
10 - بونی نەخۆشیە درێژخایەنەكانی وەكو رۆماتیزم ، شەكرە ، رایناود سیندرۆم (raynaud's phenomena)، غودە، ئەگەری دروستبوونی ئازار زیاد دەكەن .
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی