سوودانی: پێویستە هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانكاری پەسند بكرێت

13 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆشكی حكومی میوانداریی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، لە كۆبوونەوەكەدا بەرنامەی حكومی و گرنگیی پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی حكومەت لە تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەكان تاوتوێ كران، كە پەیوەندییی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.
 هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر چۆنیەتیی بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەشەپێدەرەكان.
 هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونەكانی بەرنامەی حكومی، باسی ئەو هەمواركردنە كرا كە لەلایەن حكومەتەوە پێشكەش كراوە. 
 بەگوێرەی راگەیێندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، سوودانی جەختی لە پابەندبوون بەو دەقە كراوەتەوە، كە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی ژمارە 45 لە 5ی تشرینی دووەمی رابردوو پەسندكراوە.
 سوودانی ئاماژەی بەوەش دا پێویستە پەرلەمان ئەم هەمواركردنە بێ گۆڕانكاری پەسند بكات، ئەوەش بۆ تەواوكردنی پلانەكانی گەشەپێدان، بەپێی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی عێراق و ئەو دیدگایەی لەلایەن بەرنامەی حكومییەوە پەسند كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group