نەوا-
لەشاری بەغدا كۆنفرانسی وزەی عیراق لەژێر ناوی (پێكەوە بۆ ئاییندەیەكی وزەی ئومێدبەخش) دەستیپێكردو لە وتەیەكدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران رایگەیاند: نەخشەی هێڵی گواستنەوەی نەوت و غازیان داڕشتوە.
سودانی راشیگەیاند، كۆنفرانسەكە دەرفەتێكە بۆ پێداچونەوە بە سیاسەت و بەرنامەكانی حكومەت لە كەرتی وزەدا كە گرنگی زۆری هەیە لە سەرجەم پلانەكانی گەشەپێداندا، بەشێوەیەك كە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر كەرتەكانی دیكەدا بێت.
لە بەشێكی تردا سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، لەپشتبەخۆبەستن لە بەرهەمهێنانی سوتەمەنەییەكان نزیكبونەتەوە، هەوڵیان بۆ سودبینینی زیاتر داوە لە سامانی نەوت و وەبەرهێنانی غازی سروشتی و زیادكردنی بەرهەمهێنانی بەروبومە نەوتییەكاندا.
سودانی لە بەشێكی تری وتەكەیدا باسی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێنی كردو وتی: دەستپێشخەرییەكیان كردوە بۆ دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگای خۆرەوە لە ماڵان، لەو چوارچێوەیەدا هاووڵاتیان دەتوانن بڕی یەك تریلیۆن دینار وەك قەرز لە بانكی ناوەندیی وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خۆرەوە لە ماڵەكانیاندا دابنێن.