نەوا-
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاكۆتایی ئەم مانگە 400 هەزار فەرمانبەر رەزامەندی وەرگرتنی زەوی بەدەستدەهێنن.
سەربەست مەولود بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، وەرگرتنی رەزامەندی بۆ ئەو فەرمانبەرو موچەخۆرانەی لە وەرگرتنی زەوی سودمەند دەبن بەردەوامە بڕیارە لەم رۆژانەدا ناوی 35 هەزار فەرمانبەری دیكە رەزامەندیان بۆ دەربچێت و بگەڕێتەوە، ئێستاش كار لەسەر ناوی پێشمەرگەو خانەنشینان دەكەن كە 20 هەزاری خانەنشینن و ئەوانەی دیكەش پێشمەرگەن، بەشێك لە ناوی فەرمانبەری هەندێك وەزارەت ماون كە زۆر جار گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، بۆیە بەردەوام دەبن و بڕیارە تاكۆتایی ئەم مانگە رەزامەندی بۆ سەرجەم ئەو موچەخۆرانەی لە وەرگرتنی زەوی سودمەند دەبن لە ئەنجومەنی وەزیران بگەڕێتەوەو رەوانەی شارەوانییەكان بكرێت بۆ پێدانی زەوی.
سەربەست مەولود راشیگەیاندوە، هێزی پێشمەرگە مەرج نیە لەكوێ دەوام بكات لەوێ زەوی پێبدرێت، بەڵكو بەپێی كارتی زانیاری زەوییان پێدەدرێت، ئەوانەی ناوچە كوردستانییەكان لەهەرێمی كوردستان لەنزیكترین شارەوانی زەوییان پێدەدرێت.