كووچك لە ئاگر گەرمترە

د.ئیدریس عەبدول كاكە

پێش 1 هەفتە

نەورۆزی ئەمساڵ كەوتۆتە نێو مانگی پیرۆزی رەمەزان و كوردزمانانیش بەشێوەیەكی گشتی موسوڵمانی سونی مەزهەبن و پابەندن بە رۆژو گرتن و پێداویستیەكانی تری ئەم مانگە پیرۆزە، ئاشكرایە رۆژوەوان بەهۆی خۆگرتنەوە لە خۆراك و خواردنەوە و تێك چوونی سیستەمی رێكخستنی نوستن و خۆراكی پێویستی بەپشوودانی زیاتر ئەبێت و حەوسەڵەیەی چوونە دەرەوەو ئاهەنگ گێرانیشی تا رادەیەكی زۆرنامێنێت. 
بەڵام نەورۆزی ئەم ساڵ سەرەڕای ئەوانەش نەورۆزێكی جیاوازتر دەركەوت بەبەراورد بە نەورۆزەكانی پێشتر.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵی بوو جۆش وخرۆشی ئەم ساڵ لە ڕادەبەدەر لە ئاستێكی بەرزدا ئەبینرا. ئەگەر تەماشای رۆژهەڵات بكەین ئەبینین سەرەڕای قەیرانی قورسی دارایی و بوونی رژێمێكی ئاینی و مەزهەبی،گوندو شارەكانی رۆژهەڵات تاویان سەندووەو خۆیان خاكی پۆش كردووەو بەجامانەی كوردەواری و دەسماڵی سورەوە  موژدەی ئاسۆیەكی روون بە جیهان ئەدەن.
لە باكورو باشور و رۆژئاواش مەشخەڵی نەورۆز بە شكۆوە بەرز كرایەوەو كوردی بە هەموو دەنگ و رەنگەكانەوەوە لە دەوری بڵێسەی ئاگرو سەدای ئامرۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە كۆكردەوە.
ئەوەی كە زیاتر جێگای دڵخۆشی بوو كوردانی هەندەران لە زۆربەی وڵاتان دەست لەناودەست پێكەوە ئەم جەژنەیان پیرۆز كردو سنورە دەستكردەكانی نێوان هەر چوارپارچەی كوردستانیان تێك شكاند، ڕەوەندی كورد ژمارەیەكی گەورەیە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەڵام بەداخەوە تاكو ئەمرۆ وەكو پێویست نەتوانراوە بەیەكگرتوویی كۆبكرێنەوەو بتوانن لۆبی بۆ مافە راستەقینەكانمان بكەن، هۆكاری سەرەكیش ململانێی حزبی و ناتەبایی نێوخۆ بووە كە ئەو ڕەوەندە گەورەیەی پشتگوێ خستووە. 
نەورۆزی ئەم ساڵ دەرگایەكی بە رووی هەمواندا كردۆتەوە تاكو سود لەو دەرفەتە وەربگرن و بۆ بونیادنانی یەكێتی نەتەوەیی تێبكۆشن و هەوڵبدرێت كۆنگرەی نەتەوەیی لە خەونەوە بكرێت بەراستی تاكو ئەم هێزە گەورەیەی كورد لەدەرەوەی كوردستان ببن بە كارتێكی فشار بۆ چارەسەر كردنی ریشەیی دۆزی كورد.
لەلایەكی ترەوە ئەوەی جێگای داخە بوونی هێڵێكی توندرەوی تەكفیریە كە زیاتر لە باشوری كوردستان چەكەرەی كردووەو هەوڵی نامۆ كردنی نەورۆز دەدات لە ژێر ناوی ئاگرپەرستی و زاڵ كردنی مۆركی ئاین بەسەر نەتەوەدا، بەداخەوە ئەم جۆرە بیركردنەوەیە دەرئەنجامە و هۆكارەكان روونن كە بۆچی لە نێو میللەتێكدا كە چەندین سەدەیە ئەچەوسێتەوە لەسەر دەستی نەتەوە سەردەستەكانی ناوچەكە و تاكو ئەمرۆش لە قۆناغی بەرگری و رزگاری نیشتیمانیدایەو كەسانێكی بێ ئاگا لە مێژوو بوون بەداردەستی بێگانەو دژ بە سومبولی نەتەوەیی خۆیان بازاری نەیاران گەرم ئەكەن.
هاونیشتیمانی كورد پێویستە مێژووی نەتەوەكەی خۆی بزانێت تاكو لە رووداوەكانی ئەمرۆ بگات، بۆیە هیوادارم هەموو كوردێكی موسوڵمان ئەوە بزانێت كە ئاینی پیرۆزی ئیسلام تەمەنی ١٤٠٠ ساڵە بەڵام مێژووی نوسراوی كورد ئەگەرێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش لە دایك بوونی عیسا سەلامی خوای لەسەر بێت، ئەوە جگە لەوەی كە پێغەمبەر ئیبراهیم كە بەباوكی پێغەمبەران ناسراوە لە خاكی كوردستان ژیاوە، هەروەها خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا كاتێك باسی پێغەمبەر نوح دەكات كەشتیەكەی لە كوردستان لەنگەری گرتووەو ئەم خاكە بەپیرۆز وەسف ئەكات. كەواتە كورد نەتەوەیەكە خاوەن مێژوویەكی كۆن و خاكێكی بەپیتەو خاوەنی ئیمبراتۆریەتی گەورە ماد بووە، بۆچی ئەم نەتەوەیە شایستەی كیانیكی سیاسی تایبەت بەخۆی نەبێت؟
بۆیە ناكرێت كوردێكی موسوڵمان بێ رێزی بە هاوزمانان و هاوخوێنی خۆی بكات و لە گەورەیی و بەنرخی نەتەوەكەی كەم بكاتەوە چونكە ئەوەی هەندێك لە كوردی موسوڵمان بەرامبەر نەورۆزو جەژنی نەتەوەیی ئەیكەن عەرەبێكی سعودیە كە لەهۆزی قورەیشە نایكات ، بۆیە بەداخەوە ئەم جۆرە كەسانە بەوە وەسف ئەكرێن كە كوچك لە ئاگر گەرمترە.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆ نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشتە لە بیروڕای نوسەرەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group