بارزانی بۆ لایەنەكانی هەرێم: با لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە

5 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، داكۆكی دەكەنەوە لەسەر پابەندبون بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكتری قەبوڵكردن، هەروەها داوەیەكیشی لە لایەنەكان هەرێمی كوردستان كرد.
لەمیانی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەشاری هەولێر لە وتەیەكدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تیشكی خستە سەر بارودۆخی عیراق و ناوچەكەو رایگەیاند، داكۆكی دەكەنەوە لەسەر پابەندبون بە فەرهەنگی پێكەوەژیان، ئازادیی بیروڕاو ئایین و مەزهەب، ئەوانە بنەمایەكن كە بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكرێت.
وتیشی: دۆخی هەرێم بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەكە بەگشتی، هەڵبژاردن لە هەرێم هەڵبژاردنێكی بێگەرد بو پێمانخۆشە هەمو ئەوانەی كورسیان بەدەستهێناوە بەپێی قەوارەی خۆیان پێكەوە كابینەیەك دروست بكەن، چونكە كوردستان موڵكی هەموانەو هەموانیش برای یەكترو كەسی یەكترن، با ئۆپۆزسیۆن هەبێت بۆ ئەوە بێت رێگەی باشتر پیشانی حكومەت بدات با لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە.
بارزانی داواشی لە لایەنەكان كرد بەشداربن لە حكومەتدا، بەڵام لێپرسراوێتی هەرە گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی تائێستا هەردولا هەنگاوی باشیان ناوە، وەك دەشبینن دەوروبەری هەرێم و جیهانیش هەموی قەیرانی گەورەیە رەنگە گەورەتریش بەڕێوە بێت، بۆیە تەنها مەرجی سەركەوتنی كورد یەكگرتنی كوردو كوردستانیانە، راسپاردەشی بۆ لایەنەكا بەتایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی پەلە كردنە لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەبەشێكی تردا مەسعود بارزانی وتی: دەبێت هێزەكان چ لە هەرێم و چ لە بەغدا بوێریی ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەكاندا بنێن و دووبارە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەو بۆئەوەی عیراق توشی گرفتی گەورەتر نەبێت، لە هەموی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئەوانەی ئێستا كاربەدەستن لە بەغدا بە هەمو توانایەكیانەوە هەوڵبدەن عیراق تێكەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت كە دەوروبەرو جیهانی گرتوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group