نەوا-
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قەرەبوی زیانلێكەوتوانی بازاڕی دارەسوتاوەكەی سلێمانی دەكاتەوە.
عەتا محەمەد نوێنەری قوباد تاڵەبانی لە سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی كۆچكردوی یەكێتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، سكرتاریەتی مام جەلال قەرەبوی زیانلێكەوتوانی بازاڕی دارەسوتاوەكەی سلێمانی دەكاتەوەو شارەوانی و كارەبای سلێمانیش سەرپەرشتی نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان دەكەن.
وتیشی: بەپێی دوایین راپۆرت 16 دوكان و چوار شوێنی لەفە فرۆشتن و خواردنی خێرا سوتاون كە بۆ هەریەكێكیان راپۆرتی زیانەكان ئامادە كراوە، هەر كاسبكارێك بەپێی راپۆرتی زیانەكەی كە لەسەر شوێنی كارەكەی ئامادەكراوە قەرەبو دەكرێتەوە، لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكیشدا قەرەبوەكە بەشێوەی كاش دەدرێتە كاسبكارەكان.
ئەو نوێنەرەی قوباد تاڵەبانی وتیشی: زیانەكان تاوەكو ئەم ساتە بە سەرو یەك ملیار دینار دەخەمڵێنرێت بڕیاریشە شارەوانی سلێمانی تەواوی بازاڕەكە پاك بكاتەوەو دیزاینی نوێی بۆ دابنێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانیش سیستمی نوێی كارەبا بە ئامێری نوێوە بۆ بازاڕەكە دادەنێت و رەچاوی سیستمی سەلامەتی و ئاگركوژێنەوەشی تێدا دەكرێت.