نەوا-
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایدەگەیەنن، سەرەڕای هەوڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ كەمكردنەوەی پەرەسەندنەكان، بەڵام توركیا پێوەی پابەند نابێت.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەدا رایگەیاندوە، سەرەڕای هەمو ئەو هەوڵانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی پەرەسەندن و راگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و ناوچەكانی تر، بەڵام توركیا پابەند نەبوە بەو بڕیارەو بەردەوامن لە هێرشەكانیان بۆ سەر باشوری كۆبانی و لە بەنداوی تشرین هێرشێكی بەرفراوانی دەستپێكردوە، پێكادانی توندوتیژ بەردەوام بوەو هێزەكانمان روبەڕوی ئەو هێزە هێرشبەرانە بونەتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ناوچە جۆربەجۆرەكانی كۆبانێ لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپی توركیاوە كراونەتە ئامانج سوپای نیشتمانی سوریا بە پشتیوانی توركیا بەردەوامە لە جموجوڵەكانی لە ناوچەی سروج، جەخت لەسەر گرنگی راگرتنی پەرەسەندن و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەكەینەوەو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن لەڕێگای دیالۆگەوە، كەمتەرخەمی ناكەین لە روبەڕوبونەوەی هەر هێرشێك یان بە ئامانجگرتنی گەل و ناوچەكانمان، بانگەوازیش بۆ هەمو خەڵكی كۆبانێ دەكەین چەك هەڵبگرن و لەگەڵ شەڕڤانانیان لە بەرەكانی پێشەوە بن.