نەوا-
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند: پێشوازی لەبەڵێنی حكومەتی كاتی لەسوریا دەكەن بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە نێویشیاندا ئەو كەسانەی لە هاوكاری مرۆییدا كار دەكەن.
گۆتێرێش لە راگەیانراوێكدا سەبارەت بە پێشهاتەكانی سوریا بڵاویكردۆتەوە، لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەكانی ئێستای سوریا تۆم فلیجەر جێگری بۆ كاروباری مرۆیی و هاوكاری بەپەلە رەوانەی دیمەشق كردوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی كاتی وڵاتەكەدا لەپێناو زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان، لەو روانگەیەشەوە نێردە تایبەتەكە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەستەی رزگاركردنی شام و محەمەد بەشیر سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاتی كۆبوەتەوە.
گۆتێرێش راشیگەیاندوە، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەڵێنی حكومەتی كاتی دەكات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، جێی خۆشحاڵیشە حكومەتی كاتی هەمو دەروازە سنورییەكانی بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان كردۆتەوەو ئاستەنگەكانی بەردەم وەرگرتنی ڤیزای هەڵگرتوە بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی راستەقینە لەگەڵ كۆمەڵگەی مرۆیی.