باڵیۆزی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكات

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و پارتە سیاسییەكان دەكات.
ئەلینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، لە بەیاننامەیەكدا، بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و پارتە سیاسییەكان دەكات و دەڵێت: كارمەندانی نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق، چاودێری دەنگدانیان لە بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان كرد، هاوكات دەستخۆشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموكراسی.
باسی لەوەشكرد، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بە هەبوونی ئالەنگاری بەردەم خوێندنەوەی پەنجەمۆر لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كردووە بەڵام هانی كۆمیسیۆن دەدەین ئەو پرسە چارەسەر بكات پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكوومەت بەبێ دواكەوتن پێك بهێنن، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ڕێگا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆش دەكات كە دام و دەزگا دیموكراسییەكانی بەهێز بكات و مافەكانی مرۆڤ بەرەو پێش ببات و برەو بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستان پتەو بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group