هەردو سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كۆبونەوە

7 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كۆبۆوەو چەندین پرسیان تاوتوێكرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی داواكاری گەشتی، دادوەر كاوە فەتحی مەعسوم سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی ئەنجامداوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كە ژمارەیەك دادوەر تیایدا ئامادەبون.
لەو كۆبونەوەیەدا تاوتوێی هەندێك بابەتی یاسایی پەیوەندار بە ژینگە كراوەو باسیان لەو گرفت و بەربەستانە كردوە كە لەبەردەم كاری چاككردن و باشتركردنی ژینگەدان، هەروەها تیشكخراوەتە سەر هەنگاوەكانی پارێزگاری كردن لە ژینگەیەكی تەندروست و باش بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان.
 لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لە هەماهەنگی زیاترو ئەو رێكارانە كراوە كە هاوكاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان دەزگای داواكاری گشتی و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دێنێتە دی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group