سەنتەری میترۆ: لەكاتی هەڵبژاردندا 30 سكاڵامان بەدەستگەیشتوە

21 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە، لەكاتی هەڵبژاردندا 30 سكاڵایان بەدەستگەیشتوە كە تایبەت بوە بە روماڵی رۆژی هەڵبژاردن.
لە راگەیەنراوێكدا سەنتەری میترۆ لە بەشێكدا رایگەیاندوە، لە هەردو رۆژی  دەنگدانی تایبەتی و گشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، 30 سكاڵای بەدەست گەیشتوە كە بریتی بون لە 25 رێگری، 2 هێرش بۆ سەر تیمی میدیاكان، 3 هێرشی ئەلكترۆنی .    
ئاماژەشیكردوە، لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێكی بەرچاوی میدیاكان توانیان زانیاری تەواو لەسەر حزب و سیاسەتی لیست و كاندیدەكان بگەیەنن بە وەرگرەكانیان جگە لەوەش لەكاتی هەردو دەنگدانی تایبەت و گشتیدا ئەركی چاودێری شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردو كەموكوڕی پرۆسەكەیان خستەڕو.
لەبەشێكی تردا سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەكردوە، سەرنجیانداوە زۆربەی پێشێلكارییەكان لە دەنگدانی تایبەت رویانداو لە دەنگدانی گشتیدا كەمترین پێشێلكاری هەبوە ئەمەش یەكەمینجارە لە دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان روبدات، بۆیە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەن، لێكۆڵینەوە لەسەرپێچییەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان بكات و كەموكوڕی ئامێرەكانی دەنگدانیش چارەسەر بكات.   

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group