بەهۆی جەنگەوە لە سودان دەیان هەزار كەس بونەتە قوربانی

2 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
بەهۆی شەڕی نێوان هێزەكانی پشتیوانی خێراو سوپای سودان لەماوەی 18 مانگی رابردودا دەیان هەزار سودانی بونەتە قوربانی و زیاتر لە 11 ملیۆن كەسیش ئاوارە بون كە نزیكە 3 ملیۆنیان ئاوارەی دەرەوەی وڵاتەكەیان بون.
بەگوێرەی راپۆرتێكی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران، بەهۆی ئەو شەڕەی كە لەنێوان هێزەكانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆكایەتی محەمەد دقلو و سوپای سودان بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح بورهان هەڵگیرساوە، نزیكەی 11 ملیۆن و 300 هەزار كەس لە سودان ئاوارە بون كە لەناویاندا 2 ملیۆن و 947 كەسیان هەڵاتون بۆ دەرەوەی وڵاتەكەیان.
ئاماژەشیكردوە، بەشێك لەو ئاوارانە لە كەمپەكانی وڵاتانی دراوسێیان دەژین كە ئەوانیش لە ترس و دڵەڕاوكێدان كە رەنگە لە داهاتودا روبەڕوی توندوتیژی ببنەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتوەكان، هەردو هێزەكە لەگەڵ ئەوەی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ و رێگریكردن لە هاوكارییە مرۆییەكان، نزیكەی 26 ملیۆن كەس لە سودان روبەڕوی قەیرانی خۆراك بونەتەوە بە تایبەت لە كەمپی زەمزەم لە دارفۆر برسێتی لەناویاندا سەریهەڵداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group