ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی راگەیندراوێكیان سەبارەت بە "هەژماری من" بڵاوكردەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند، لە ئێستادا و دوای نزیكەی هەشت مانگ لە دەرچونی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و حزبەكەی، بەردەوامن لە سەپاندنی هەژماری من.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن، دەسەڵاتی تاڵانكار و خۆسەپێن، لە ماوەی سی و سێ ساڵی حوكمڕانییاندا ستەمێك نەماوە بەرامبەر خەڵك و خاكمان نەیانكردبێت، یاسایەك نەماوە بۆ بەرژەوەندیی پاوانخوازیی خۆیان  پێشێلییان نەكردبێت، ئێستاش، كە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنداین، حەق وایە هیچ نەبێ ئەم چەند ڕۆژە لە درۆ و چەواشەكاریی و چەوساندنەوەی موچەخۆر و خەڵكی بەشمەینەت خۆیان بەدوربگرن، بەڵام ڕابردوی ناشیرینیان نەبوەتە وانە و پەند بۆیان و هێشتاش هەر خەریكی سیاسەتی برسیكردنی خەڵكن و بەدوای تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنەكانیانەوەن".
باس لەوەشدەكەن، پاش 150 ڕۆژ خەباتی ساڵی ڕابردوی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەوڵی چەند كەسایەتی و لایەنێكی بەهەڵوێست، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدایكبو، كە لە بەرژەوەندیی موچەخۆران و خەڵكی كوردستان بڕیاری بەنیشتیمانیكردنی موچەی موچەخۆرانی لە ڕێگەی بانكە حكومییەكانی عێراقەوە دەركرد، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم تا ئێستا نەچوەتە ژێر باری ئەو بڕیارە و لەبەرامبەریشدا هەمو هەوڵێكی خستوەتەگەڕ بۆ سەپاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" بەسەر موچەخۆراندا.
سەبارەت بە "هەژماری من" رایەگەیاندوە، زیان نەبێت هیچ سودێكی بۆ موچەخۆرانی كوردستان نییە، هاوكات ڕێگایەكی دیكەی دزیكردنە لە خەڵك و گیرفانی نەگریسی خۆیانی پێ پڕدەكەن.
هەروەها دەڵێت، "لە ئێستادا و دوای نزیكەی هەشت مانگ لە دەرچونی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و حزبەكەی، بەردەوامن لە سەپاندنی هەژماری من، لەبەرامبەریشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و حزبەكەی خەریكی یارییەكی ناشیرینن لەگەڵ موچەخۆراندا؛ بە زارەكی و ئاشكرا دژی هەژماری من دەوەستنەوە و بە نهێنی كار بۆ سەرخستنی دەكەن، كۆتا هەوڵی نەزۆكیشیان بەزۆر ناچاركردنی خانەنشینانە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من".
باس لەوەشكراوە، ئەو حزبە (یەكێتی) كە هێزی یەكەمی ئەم سنورەیە بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئاگاداری بكەینەوە دەست لەم جۆرە سیاسەتكردنە هەڵگرێت و ڕاستگۆیانە دژی سەپاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" بەسەر موچەخۆرانی زۆنەكەیدا بوەستنەوە و چیتر لەڕێگەی چەواشەكارییەوە كار لەسەر گەوجاندنی خەڵك نەكەن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رونیكردوەتەوە، "لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی، داوا لە تەواوی موچەخۆران دەكەین، كە بە هیچ شێوەیەك ئەو فۆڕمە پڕنەكەنەوە، لە سۆشیاڵ میدیا و هەر شوێنێك توانایان هەیە دژی بوەستنەوە و ڕەتیكەنەوە، دڵنیاییش بە هەمولایەك دەدەین، ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین و لەگەڵ حكومەتی فێدڕاڵی لەسەرهێڵین بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەك خۆی و ئەوانەشی بەربەست دروست دەكەن، ڕوبەڕوی دادگای تایبەتمەندیان دەكەینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group