بەشداربوانی هەڵمەتی كۆكردنەوەی دەرمانی بەسەرچو خەڵاتكران

21/11/2023
نەوا-
لەمەراسیمێكدا رێزلێنان پێشكەشكرا بە بەشداربوانی هەڵمەتی نیشتمانی كۆكردنەوەو لە ناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەكار نەهاتو و ماوە بەسەرچو.
بەئامادەبونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بنكەیەكی تەندروستی هەولێر رێورەسمێكی تایبەت رێكخرا بۆ پێشكەشكردنی رێزلێنان بە بەشداربوانی هەڵمەتی نیشتمانی كۆكردنەوەو لەناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەكار نەهاتو و ماوە  بەسەرچوی ماڵان و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی.
بە گوێرەی راگەیەنراوێك لە رێورەسمەكەدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرو بەڕێوەبەرایەتیەكانی خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی و پاراستنی ژینگەو دەستەی لە ناوبردنی دەرمان و خاوەنی بیرۆكەی هەڵمەتەكە كرا، لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو رایگەیاند: وێڕای پشتیوانیكردنمان لەو هەڵمەتە، خۆشحاڵین كە بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەو هەڵمەتە  ئەنجامدەدرێت، هیواشی خواست هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر هاوكار و هەماهەنگبن و بەشداربن لەو هەڵمەتەدا كەوێڕای پاراستنی ژینگە، سودێكی زۆریشی هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان.
هەڵمەتی  نیشتمانی كۆكردنەوەو لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەكارنەهاتو، رۆژانە لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان لە نێو زبڵ و پاشماوەكان دەرمانی ماوە بەسەرچو كۆدەكرایەوە، هەروەها لەسەرجەم بنكە تەندروستیەكان و نەخۆشخانەكان سەلەی زبڵی تایبەت دیاریكراو هاوڵاتیانیش لە كاتی سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە پاشماوەی دەرمانەكانیان دەخستە ناو ئەو سەلە تایبەتانەوە پاشان لەنێودەبرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group