قائیمقامی سلێمانی: گرنگیدان بە تەندروستی منداڵ ئەركە

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ ئەنجومەنی پاراستنی منداڵ كۆبوەوەو رایگەیاند، پارێزگاریكردن لەمافەكانی منداڵ بابەتێكی گرنگ و هەستیارە، بۆ زامنكردنی پێویستمان بە هەماهەنگی دادگا، دامەزراوەكان دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی پاراستنی مافەكانی منداڵ و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان  كۆبوەتەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەكانی منداڵ لەخوێندنگە، بازاڕو شوێنە گشتییەكان.
لەو كۆبونەوەیەدا بە گرنگییەوە باس لە هەمو ئەو كێشانە كراوە كە لە ئێستادا مەترسین بۆ سەر لایەنی تەندروستی و پەروەردەیی منداڵ و مافەكانیان و لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد رایگەیاندوە، بەتەنها دیاریكردنی كێشەكان و پێشنیار بۆ چارەسەركردنیان بەس نییە، بەڵكو ئەمە بابەتێكی گرنگ و هەستیارە دەبێت دادگاو دامەزراوە ئەمنی، حكومی و ناحكومیەكان، مزگەوتەكان، پیاوانی ئاینی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كاری جدی مەیدانی و پێكەویی بكەن.
جەختیشیكردۆتەوە، لە ساڵی رابردودا لیژنەی پاراستنی منداڵ  23 شوێن،  لیژنەی رێستۆرانتەكان 19 شوێن و لیژنەی مەلەوانگەكان 13 شوێنیان داخستوە كە زۆرینەی حاڵەتەكانی داخستن بەهۆی ئەوەوە بوە كە خاوەنی كارەكان رەچاوی لایەنی تەندروستی و پەروەردەیی و مافەكانی منداڵیان نەكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group