قوباد تاڵەبانی: ئیدارەی كەركوك پێكەوەژیانی قوڵتر كردوەتەوە

15 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئیدارەی نوێی كەركوك گیانی پێكەوەژیانی قوڵتر كردوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەدوای سەردانی پارێزگای كەركوك بڵاویكردەوە، ئیدارەی نوێی كەركوك لەماوەیەكی كورتدا سەلماندویەتی بەبێ جیاوازی خزمەتی هەمو كەركوكییەكان دەكات و هەنگاوی زۆر باش و سەركەوتوانەیان ناوە لە خزمەتكردنی شارەكەدا، وەك پاككردنەوەی كۆڵان و شەقامەكان و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگ.
راشیگەیاندوە، لە دوو كۆبونەوەی جیادا لەگەڵ رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و محەمەد ئیبراهیم حافز سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دەستخۆشیم لێكردن كە بە كردار سەلماندویانە ئیدارەی نوێ حكومەتی هاوڵاتیانەو گیانی پێكەوەژیان و برایەتیان لەناو شارەكە قوڵتر كردوەتەوە، پشتیوانی تەواوم بۆ دوپات كردنەوەو داوامكرد زیاتر كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران بكەن تا لە بوارە جیاوازەكاندا لە شارەكە وەبەرهێنان بكەن، هەوڵ بدەن گرنگی بەدۆخی ژینگەی كەركوك بدەن و رێژەی سەوزایی زیاتر بكەن.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندوە، هیوامان خواستوە لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر داننان بە ئیدارەی نوێی كەركوك، ئەو لایەنانەی تائێستا بایكۆتی پرۆسەكەیان كردەوە بگەڕێنەوە ناو ئەنجومەنی پارێزگاو نوێنەرایەتی خواستی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لەهەڵبژاردنەكاندا متمانەیان پێ بەخشیون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group