نەوا-
وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاری دەستپێكێشانەوەی سەرۆكی دەستەی باجەكانی عیراقی دەركرد تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی عیراق تیایدا ئاماژەی بەوە كردوە، لەسەر راسپاردەی تەیف سامی وەزیری دارایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە لەسەر عەلی وەعد عەللاوی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی گشتی باجەكانی عیراق بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەو هۆیەوە بڕیاریانداوە بە دەستپێكێشانەوە (سحب الید)ی عەللاوی بۆ ماوەی 60 رۆژ تا كۆتاییهاتنی رێوشوێنە یاساییەكان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا.
جێی ئاماژەیە بەهۆی دزەپێكردنی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باجەكانی عیراق لەگەڵ هاووڵاتییەكدا كە تیایدا باس لە كەمكردنەوەی باج و یاریكردن بەبڕی پارەی باجی كەوتوی باجدەرێك دەكات تاكو دۆسیەكەی و پەڕاوەكانی ناوەوەی بۆ بگۆڕێت و بڕی باجەكەی بۆ كەمبكاتەوە، دزەكردنی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە وایكردوە دەستبەجێ لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو بەڕێوەبەرە گشتییە پێكبهێنرێت.