كەشناسیی هەرێم: شەپۆلێكی بارانبارین و هەورە بروسكە هەرێم دەگرێتەوە

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
كەشناسیی هەرێم پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەبروسكە روو لە هەرێم دەكات و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە.
كەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، ناوچەكەمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەباران لەسەر بەشێك لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك.
سەبارەت بە كەشی سبەینێ دووشەممەش باسی لەوەكردوە، ئاسمانی هەرێم نیمچەهەور و هەندێك كات هەوری تەواو دەبێت، هەروەها ناو بەناو نمەباران دەبێت لە ناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای دهۆك و سلێمانی و ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر، هاوكات، لەكاتی بارانباریندا هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
كەشناسی ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ پلەكانی گەرما لە سنوری هەولێر و دهۆك نزم دەبنەوە، بەڵام لە سنوری سلێمانی و كەركوك بەرز دەبنەوە، هەروەها سبەینێ دووشەممە، خێرایی با بۆ سەروو 35 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا چالاك دەبێت.
هەروەها، بەهەمانشێوە رۆژی سێشەممەش شەپۆلی باران و هەورەبروسەكە زیاتر دەبێت و تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group