نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی رەوەندی عیراقی لە ئەمریكا بەسەرۆكایەتیی مارتن مەننا سەرۆكی ژوری بازرگانی كلدانی ـ ئەمریكی كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی رەوەندی عیراقی لە دەرەوە كردوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتگیرییان لە پێشخستنی ئابوری و گەشەپێدان، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەییی كلتوری و ئایینیی عیراقییەكان و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەمو پێكهاتەكاندا كردەوە.
لای خۆشیەوە شاندەكە پێزانینیان بۆ كلتوری یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانەو لێبوردەیی لەنێوان پێكهاتە جیاكاندا لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، هەروەها داكۆكیان لە بەهێزكردنی هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابوری و وەبەرهێناندا كردوە بە جۆرێك كە پشتگیریی گەشەپێدان بكات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان رەوەندی عیراقی لە دەرەوەو كوردستاندا بڕەخسێنێت.