نەوا-
پەرلەمانتارێكی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر عیراق پابەندی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بێت، چیتر گرفتی موچە دروست نابێت.
ڤیان سەبری ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆئەوەی دوبارە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، بەڵام پێویستە میكانیزمێكی رون هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی، بۆیە پێویستە عیراق لەو نەوتەی بۆ ناوخۆ بەكاری دێنێت رێژەكەی چەند بێت 14%ی بۆ هەرێمی كوردستان بێت بۆ پێداویستی ناوخۆ.
راشیگەیاندوە، بۆ دابینكردنی پارەی كرێی كۆمپانیاكانیش پێویستە میكانزمێك دابنرێت و وەزارەتی دارایی عیراق میكانیزمەكە دابنێت و رونی بكاتەوە چۆن پارەی كۆمپانیاكان خەرج دەكات، بۆیە حكومەتی هەرێم ئامادەیە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بكاتەوە بە زوترین كات بەپێی هەمواری یاسای بودجەی عیراق كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوەو پەسەند كراوە، چونكە ئەو كارە لە بەرژەوەندیی عیراق و هەرێمی كوردستاندایە.
ڤیان سەبری وتوشیەتی: بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق پێویستە هەمو مانگێك پێش كۆتاییهاتنی مانگ بەغدا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.