نەوا-
شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت، تائێوارەی رۆژی دووشەممە ئەگەری بەفربارین لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاویكردوەتەوە، هەورە سەرەكیەكانی نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەریەكە لەسەر ئاسمانی ناوچەكانمان كۆتاییان پێهاتوە، ئەوەی ماوەتەوە سیستمی نزمەپاڵەپەستۆیە كە بەسەر بەرگەهەوای هەرێمی كوردستاندا دەسوڕێتەوە، تا ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەدەرەوەی پێشبینیەكان لە شوێن و كاتی جیاوازدا بەهۆی ئەو شێ كەمەی ماوە لەگەڵ بە هەڵمبونەوەی شێی روی زەوی ناوچەكانمان ئەگەری چڕبونەوەی هەورو بارینی بەفری هەیە.
ئاراس جەبار راشیگەیاندوە، بارینی بەفرەكە بەشێوەی تاو وەك ئەو تاوە بارانانەی لە بەهاردا هەیە دەبارێت هەندێك شوێن دەگرێتەوەو هەندێكی ناگرێتەوە، بەڵام لەم كاتەدا كە پلەی گەرمی زۆر نزمە دەبێتە بەفرو تا بەرزییەكانی 300 مەتر لە ئاستی روی دەریاوە ئەگەرەكە كراوە دەبێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی وتوشیەتی: رۆژانی دووشەممەو سێشەممە ساردتر دەبن و پلەكانی گەرما 2 تا 3 پلە نزمتردەبنەوە، لە رۆژی چوارشەممەشەوە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتو كەم كەم رۆژانە پلەكانی گەرما بەرزدەبێتەوە.