شاری سلێمانی دەچێتە كتێبی گینسەوە

04/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانی شێرپەنجەدا، لەشاری سلێمانی ماراسۆنێك بۆ ئەو یادە سازكرا و رێكخەری ماراسۆنەكەش بۆ رادیۆ نەوا وتی، راكردنەكە بەدرێژایی سێ كیلۆمەتر ئەنجامدەدرێت و لەكۆتاییدا درێژترین قردێلەی شێرپەنجەیی دەكرێتەوە و بەوەش سلێمانی دەچێتە كتێبی گینسەوە.

 مەتین عەبدولرەزاق سەرپەرشتیاری ماراسۆنەكە لەبارەی چالاكییەكەوە بۆ رادیۆ نەوا وتی "وەك رێكخراوی ئاڤی سەرپەرشتی ئەم ماراسۆنە دەكەین، كە پێكهاتوە لە راكردنێكی سێ كیلۆمەتری، لەبەردەم شاری گۆیژە دەستیپێكرد و مەراسیمێك دەبێت بۆ كردنەوەی درێژترین قردێلە لە جیهاندا، كە درێژیەكەی 7 هەزار و 350 مەترە و بەوەش بەناوی كوردستان-سلێمانی ریكۆردی جیهانی دەشكێنین، نوێنەرانی كتێبی گینس-یش بە ئۆنلاین چاودێری كارەكەمان دەكەن و پێشتریش ئامادەكاری بۆ كراوە تا لەو كتێبەدا تۆمار بكرێت". 
وتیشی "ریكۆردی قردیلەی شێرپەنجە پێشتر لە هیندستان تۆماركرابو، كە درێژیەكەی 7 هەزار و 165 مەتر بوە، بەڵام ئێستا لەسەر شاخی گۆیژە لە تەنیشت ئاڵای كوردستان قردێلەكە دانراوە و بە درێژی 7 هەزار و 350 مەترە، لیژنەی گینس-یش پێشتر ئاگاداركراونەتەوە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو كارە و بەپێی مەرجەكانیان ئەمڕۆ بە ئۆنلاین چاودێری كارەكە دەكرێت و تۆماردەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group