نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستەی دەستپاكی راسپارد بۆ یەكلاكردنەوەی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی پێشینەكانی خانەنشینان و حاڵەتەكانی ساختەكردن لە مامەڵەی قوربانیانی تیرۆردا.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، سودانی داوایكردوە ئەو دۆسێیانەی لێكۆڵینەوەیان لەسەرە یەكلایی بكاتەوە تایبەت ئەوانەی كە دەستەی خانەنشینی نیشتمانی نەیتوانیوە كۆنترۆڵیان بكات وەك هەندێك موچەی ئەو خانەنشینانەی كۆچی دواییان كردوە، هەروەها نەگەڕاندنەوەی ئەو پێشینانەی لە ئەستۆی هەندێك خانەنشیندا بوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو حاڵەتانەش یەكلایی بكرێنەوە كە بەهۆی ساختەكارییەوە مامەڵەی قوربانیانی دەستی تیرۆری راگرتوە.
سودانی جەختیشیكردوەتەوە، پێویستە پارێزگاری لە دارایی گشتی بكرێت و ئاسانكاری نەكرێت بۆ هەر حاڵەتێكی ساختەكاریی یاخود زیادەڕۆیی كە دەرەنجامەكەی ببێتە بەهەدەردانی دارایی گشتی یان بیبەخشێتە كەسێكی تر كە ناشایستەبێت بەپێی یاسا ئەمەش دەبێتە هۆكاری بیبَەشكردنی ئەوانەی شایستەن.