سوودانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر پێكهێنا

6 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر پێكدەهێنێت.
دوێنێ شەو شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە كە محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانی كرد كە لیژنەیەكی تەكنیكی ئەمنی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر پێكبهێندرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەردەوام بوو لە پەیوەندی و ڕێنماییكردن بە فەرماندە مەیدانییەكانی پێشمەرگە لە سلێمانی و دەوروبەری بۆ زانینی وردەكارییەكانی ڕووداوەكە و ڕاشیگەیاند، كە هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئابوری وڵات و زیانگەیاندن بە بژێوی و بەرژەوەندی خەڵك هەوڵێكە هەموو عێراقییەكان دەكاتە ئامانج، بۆیە هێزە ئەمنییەكان ڕێگە بەم كارە نادەن و تۆڵە لە هەر كەسێك دەكەنەوە كە پێی وابێت ئاسایشی ئابووری وڵات تێكبدات.
لای خۆشیەوە، بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هێرشێكی درۆنی (بۆمبڕێژكراو) ئاراستەی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كرا، كە دەكەوێتە سنووری چەمچەماڵ. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، درۆنەكە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە كراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیا و یاساشكێنەكانەوە جێبەجێ كراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر باسی لەوەشكرد، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی بەدواوە نەبوو و كێڵگەكە و كۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون، دەزگا ئەمنییەكان دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان كە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلكارییە دەكەن و هەر زانیارییەكی نوێ لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group