نێچیرڤان بارزانی: تەنها بە یەكڕیزی دەتوانین دەستكەوت و مافەكانمان بپارێزین

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەشاری هەولێر رێوڕەسمی ساڵیادی روداوی تەقینەوەكەی 1ی شوباتی ساڵی 2004 بەڕێوەچو و لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان تاجە گوڵینەی رێزلێنان دانراو بەوبۆنەیەشەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە بەشێكی پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، لەبیرەوەریی ساڵیادی شەهیدانی یەكی شوباتدا بەوپەڕی رێزو شكۆوە یادی شەهیدان دەكەینەوە كە بونە سیمبولی خوێنی پێكەوەڕژاوی كوردستانیان بە دەستی تیرۆریستان كە بەبێ هیچ جیاوازییەك، گیانی ئەو پۆلە سەركردەو تێكۆشەرەی گەلەكەمان و هاووڵاتیانی مەدەنی كوردستانیان كردە ئامانج.
ئاماژەشیكردوە، پێویستە ساڵانە ئەم یادەو بیرهێنانەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە بكەینە دەرفەتێك بۆ بەخۆداچونەوەو هەوێنی پتەوكردنەوەی برایەتی و پێكەوەیی و هاوچارەنوسیمان، باشترین وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان و راستترین رێگەش بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستان، تەنها تەبایی و یەكڕیزییە هەر بەوەش دەتوانین دەستكەوت و مافەكانمان بپارێزین و ئامانجەكانمان بپێكین.
جێی ئاماژەیە لە 1ی شوباتی ساڵی 2004 دوو خۆكوژ لە لقی 2ی پارتی و مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا خۆیان تەقاندەوەو زیاتر لە 100 قوربانی لێكەوتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group