نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سەپاندنی گۆڕانكاری و چاكسازی بەسەر حكومەتدا جێی قبوڵكردن نیە.
لەشاری بەغدا مەراسیمێك بەبۆنەی رۆژی شەهیدی عیراق و ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر ئەلحەكیم بەڕێوەچو تیایدا محەمەد شیاع سودانی وتارێكی پێشكەشكردو لەبەشێكیدا رایگەیاند، هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی گۆڕانكاری و چاكسازی بەسەر حكومەتدا لە دۆسیەكانی ئابوری و ئەمنیدا قبوڵكراو نییە، حكومەتی عیراق دان بەپێویستی چاكسازی لە بوارە جیاجیاكاندا دەنێت بەڵام قبوڵی ناكەن ئەو چاكسازییە لە دەرەوە بسەپێنرێت.
لەبەشێكی تردا سودانی رایگەیاند، حكومەتی عیراق هەر لە سەرەتاوە خواستی هەبوە پلانی رون بۆ كاركردن لەناوخۆ و دەرەوە دابڕێژێت ئەركی زۆر گرنگیشی بە ئەنجام گەیاندوە، بەڵام كەسانێك هەن هەوڵیانداوە گۆڕانكارییەكەی عیراق بە دۆخی سوریاوە لەڕێگەی تێڕوانین و خواستی ناواقیعیەوە ببەستنەوە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق وتیشی: هیچ بوارێك نییە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عیراقدا، چونكە سیستمێكی سیاسیە كە لەسەر بنەمای دەستورێك دامەزراوە كە نوێنەرایەتی هەمو عیراقییەكان دەكات.