بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاندوە: بێگوێدانە رێكارە یاساییەكان، بە قۆرخكاریی گرێبەست بۆ كڕینی دەرمانی شێرپەنجە كراوە.
رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رايگەیاندوە، ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و كۆمپانیایەكدا بۆ دابینكردنی ئامێری تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان كراوە قۆرخكارییەو بەهیچ شێوەیەك لەئەنجومەنی وەزارەت رەزامەندی وەرنەگیراوەو ئاگاداریش نین.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەسایتی فەرمی یەكێتی وتوە: ئەم گرێبەستە تەنها بۆ كڕینی ئامێری تاقیگەكان نیە، بەڵكو پێشتریش بۆ كڕینی دەرمانی شێرپەنجە هاوشێوەی ئەم گرێبەستە كراوەو كڕینی دەرمانی شێرپەنجە بۆ كۆمپانیایەك قۆرخكراوە، هەرچەندە بڕیاروایە ئەم كارە نەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی پشكنینەكان لەسەر هاوڵاتیان، بەڵام پێمانوایە بۆ حكومەت باشترە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك گرێبەست بكات بەمەبەستی كێبڕكێ لەدابەزاندنی نرخی ئامێرەكان نەك تەنها كۆمپانیایەكی دیاریكراو، تائێستا نازانن سودی ئەم بڕیارە بۆ حكومەت و هاوڵاتی چیە.