ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دابینكردنی زەوی بۆ پاسەوانانی سنوری هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی لەوەكردوە، لەسەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵ بەنوسراوی فەرمی داوای لە وەزیری ناوخۆی عیراق كردوە كە زەوی نیشتەجێبون بۆ پۆلیسی پاسەوانانی سنوری كوردستان دابین بكرێت یاخود لەرێگای بانكەوە مینحەیەكیان پێیبدرێت بۆ نیشتەجێبون، وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش نوسراوی كردوە كە لەپارێزگاكان وەك فەرمانبەرانی تر پارچە زەوی نیشتەجێبونیان بۆ دابین بكرێت.
راشیگەیاندوە، سەبارەت بە پاسەوانانی سنوریش كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن، داواكراوە حكومەتی هەرێم زەویان بۆ دابین بكات ئەگەر نەكرا مینحەیەكیان پێیبدرێت لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بریكاری وەزیری ناوخۆی عیراق بۆ كاروباری ئەمنی گفتوگۆیانكردوە هێشتا هیچ بڕیارێك نەدراوە، ئەو دەنگۆیەشی گوایە مینحەكە بدرێتە هەرێم و دابەشی بكات لەجیاتی دابینكردنی پارچە زەوییەكە هیچ بنەمایەكی نیە.
یاروەیس دڵنیاییشی داوەتە پۆلیسی پاسەوانانی سنور لە بەدوداچون و فشارەكانیان بەردەوام دەبن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.