ئەمساڵ 200 ئاگر لە باخە خورماكانی خانەقین كەوتۆتەوە

09/09/2023

نەوا-
لە قەزای خانەقین 200 روداوی ئاگركەوتنەوە تۆماركراوە لە گەرمای ئەمساڵدا، كە 12ـیان باخی خورما بوەو بەهۆیەوە سەدان دار بوون بە خەڵوز، دوایین روداو رۆژی چوارشەممەی رابردوو 6ـی ئەیلول بوەو زیاتر لە 10 دۆنم باخی خورما سوتاوە.
هاوار عەباس باخەوان لە خانەقین رایگەیاندوە، ئێوارە رۆشتین بۆ باخەكانمان و بینیم ئاگر كەوتۆتەوە ئاگرێكی گەورە بوو، لە باخەكەی من و باخێكی دیكە، لەگەڵ باخەوانەكانی تر چەند هەوڵماندا نەمانتوانی ئاگرەكە بكوژێنینەوە، تا دواتر بەرگری شارستانی گەیشتن.
ئەو خێزاندارە و بژێوی لەسەر ئەو باخەیە، دەڵێت، دوژمنایەتیمان لەگەڵ كەس نییەو نازانین كێ هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بوە كە 10 دۆنم باخی من و خەڵكی تر سوتا، داری زۆری خورما سوتاوە بەڵام نازانین چەند دارە بە دیاریكراوی، ئەو نیگەرانە لە دوبارەبونەوەی روداوەكانی كەوتنەوەی ئاگرو وتی: داواكارم هەر كەسێكە با چیتر ئاگر لە باخەكانمان بەرنەدات، ئاخر ئەو باخانەی ئێمە تاوانیان چییە و زیانیان چییە تا وای لێبێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی سایتی (كەركوك ناو) لەو روداوەی ئاگركەوتنەوەدا هێشتا ئەنجامی لێكۆڵینەوە رانەگەیەنراوەو هیچ كەسێك تۆمەتبارێك نەكراوە.
جەبار جومعە بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وتوە، ئەو ئاگرە لەسنوری لیوای گەرمەسێری یەك بووە، نزیكی بازگەی بابا مەحمود، كە ناوچەكە بە زۆری باخی خورما و كشتوكاڵی جوتیارانە، هەرزوو تیمەكانمان گەیشتن.. لەبەر زۆری ئاگرەكە داوای هاوكاریمان لە بەرگری شارستانی كەلار كرد و ئۆتۆمبێلیان بۆ ناردین، تا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا.

لەو ئاگرەدا بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی زیاتر لە 10 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سوتاوە لە نێویاندا 50 داری خورما.


26ـی ئابی ئەمساڵیش لە باخێكی دیكەی خورما لە خانەقین ئاگر كەوتەوەو چەندین دار سوتان.
جەبار جومعە رایگەیاندوە، ئەمساڵ زۆرترین ئاگر لە خانەقین كەوتۆتەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆرترین روبەری باخ و دەخڵ و دان سوتاوە، نزیكەی 200 جار تیمەكانمان بۆ كوژاندنەوەی ئاگر دەرچون و رۆژ هەبووە پێنج جار تیمەكانمان دەرچون، لەو 200 ئاگرە 12ـیان باخی خورما بون و سوتان.
بەپێێ ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین، لەو قەزایە دوو هەزارو 254 دۆنم باخی تاپۆ هەن و زۆرینەیان خورمان، لەگەڵ 160 دۆنم-ی گرێبەست.

ئبراهیم خەلیل بەڕێوبەری كشتوكاڵی خانەقین رایگەیاندوە، لە دوایین ئاگری باخەكانی خورما، نزیكەی 30 بۆ 40 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سوتاون، ئەو باخانە تەنیا خورما بون هێندەی ئاگاداربین لەمساڵدا ئەمە سێیەمین ئاگرە لە باخە خورماكانی ناوشار بكەوێتەوە و دارەكان بسوتێن.
كشتوكاڵ و بەرگری شارستانی جەختدەكەنەوە نازانن كێ لە سوتاندنی باخەكان و كەوتنەوەی ئاگرەكان بەرپرسە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group