هەفتانە بەهۆی سەگی بێلانەوە نزیكەی 10حاڵەتی گەستن لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی تۆمار دەكرێت

5 رۆژ پێش ئێستا

بونی ژمارەیەكی زۆر سەگی بێلانە لەناو شاری سلێمانی بوەتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان، بەهۆی نەگرتنەبەری ڕَكاری پێویستیش رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی سەگی بێلانە لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شار زیاد دەكات و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە.
لە چەند شوێنێكی شارەكە بەتایبەتی گەڕەكەكانی قەراخ شار، پاڕكە گشتییەكان و ئەو ناوچانەی كە باڵەخانەی چۆل و تەواونەكراوی تێدایە، هاووڵاتییان ناتوانن لە كاتەكانی بەیانییان و ئێواران هاتۆچۆ بەو شوێنانەدا بكەن.
لەگەڵ زۆربوونی ناڕەزایەتییەكان لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی سەگی بێلانە لە گەڕەكەكان، چەند كەسێكی خۆبەخش دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی ئەو سەگە بێلانانە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە ناتواندرێت كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت.
سەگە بێلانەكان كە هەندێكجار پەلاماری هاووڵاتیان دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ هاوكات مەترسی تەندروستی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیش هەیە بەتایبەت ئەو كەسانەی كە سەگ پەلاماریان دەدات.
پزیشكێكی نەخۆشخانەی شار ئاماژە بەوە دەكات كە زۆرجار ئەم سەگە بێلانانە پەلاماری هاووڵاتییان دەدەن و برین لەسەر جەستەیان بەجێدەهێڵن بەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییان لێ دەكرێت.
پزیشك لە نەخۆشخانەی شار سدیق حەمەعەزیز ساڵح بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی: "لەبەرئەوەی ئەم سەگانە بەشێوەی گرووپ دەگەڕێن، ئەگەر ڕاهاتبن لەسەر ئەوەی پەلاماری هاووڵاتی بدەن لەسەر ئەو دیاردەیە بەردەوام دەبن و مەترسی زۆر دروست دەكەن. ئەوانە هەندێكیان تەنیا چنگ لە مرۆڤ دەگرن، بەڵام هەندێكیان دەبنەهۆی برینداركردنییان بە كەڵبەكانیان، بەكتریا و ڤایرۆس لە ناو هەندێكیاندا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی كە زۆر دڕن، ئەوانە مەترسی نەخۆشی هارییان لێبكرێت".

ئەو پزیشكە گوتیشی: "بەدەر لە نەخۆشی هاریی، ڕەنگە شوێنی برینەكە هەو بكات، سوور ببێتەوە و بئاوسێت، هەندێك جار ئەو حاڵەتانە هەیە و ڕوومان تێدەكات".
سەبارەت بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان، پزیشك سدیق رایگەیاند: "زۆر سوپاسیان دەكەین، خەمخۆرانە لە خەمی هاووڵاتییانن و لە خەمی ژیانی سەگە بێلانەكانیشدان".
سدیق حەمەعەزیز ساڵح ئاماژەی بەوە كرد كە سەگە بێلانەكان لەكاتێكدا هەست بە برسێتی یان مەترسی نەكەن پەلامار نادەن، بەڵام هەندێكیان ڕاهاتوون بە گەستن بۆیە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو دیاردەیە.
ناوبراو گوتیشی: "بێگومان كۆكردنەوەیان لە شوێنێكدا ژمارەیان كەمدەكاتەوە، بەدڵنیاییشەوە مەترسی كەمتر دەبێتەوە".
سەبارەت بە ئامارەكانی گەستنی هاووڵاتیان لەلایەن سەگی بێلانەوە، دكتۆر سدیق ڕایگەیاند: "لە هەفتەیەكدا ٥-١٠ حاڵەتی گەستنی سەگ ڕوو لە نەخۆشخانەكەمان دەكەن، ئەم حاڵەتانە لە هەفتە بۆ مانگ دەگۆڕێت. بەپێی وەرزەكانیش دەگۆڕێت".
سەگە بێلانەكان بوونەتە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان، بە تایبەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای قوتابخانەكان دەكرێتەوە و قوتابییان زیاتر هاتوچۆ بەسەر شەقام و كۆڵانەكان دەكەن و ئەمەش بووەتە جێی ترسی باوك و دایكی قوتابییان.
هاووڵاتیی، ئارام مەحموود سلێمان تەمەن ٤٢ ساڵ ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی سەگی بێلانەوە ناتوانن تەنانەت لە پارك و باخچەكانیش دابنیشن، هۆشداریش دەدات لەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهۆی كردنەوەی قوتابخانەكان ڕەنگە مەترسی بكەوێتە سەر ژیانی قوتابییان.
لەمبارەیەوە ئارام مەحموود سلێمان وتویەتی: "سەگە بێلانەكان تەواو بێزاریان كردووین، ھەندێكیان نەخۆشن، بەیانییان سەیریان دەكەین لەو زەوییە كەوتوون و خوێن بە برینەكانییانەوە دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی گەڕەكەكە بێزاربوون، منداڵ ناتوانن بێنە دەرەوە لە ترسی پەلاماری سەگە بێلانەكان، لە نزیك ماڵەكەمان پاڕكێك ھەیە كەس ناوێرێت بچێت لەوێ دابنیشێت لە ترسی سەگەكان".
ئارام مەحمود وتیشی: "چەند ڕۆژێك بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ماوە، نزیكەی ١٥ بۆ ٢٠ سەگ لەو ناوچەیەن، قوتابییەكانیشمان بە پیادەیی دەچنە قوتابخانە، ئەمەش دەبێتە هەڕەشە و مەترسی لە ژیانی منداڵەكانمان، ناشتوانین ھەموومان ببینە پاسەوان بە دیار گەڕانەوەی منداڵەكانمانەوە، بۆیە پێویستە بیرێك لەم بابەتە بكرێتەوە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە حەوتی مانگی ڕابردوو، كۆلێژی پزیشكی ڤێتێرنەری زانكۆی سلێمانی پڕۆژەیەكی لەبارەی چارەسەركردنی زۆربوونی سەگی بێلانە ڕاگەیاند كە ئەویش بریتیی بوو لە ئەنجامدانی پرۆسەی نەزۆككردنی و سڕكردنی سەگی بێلانە و دواتریش گواستنەوەیان بۆ شەڵتەرەكان، بەڵام تا ئیستا پڕۆژەكە نەچووەتە واری جێبەجێكردنەوە.

راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group