نەوا-
راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەبونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكان و هەبونی داعش و حەشدی شەعبی، دۆخی ئەو ناوچانە خراپەو بەردەوام كردەوەی لێ ئەنجام دەدرێت.
بابەكر زێباری راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، رێژەی كورد لەسوپای عیراقدا زۆر كەمە هەروەها هێزی پێشمەرگە لەو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نیە بۆیە داعش جموجوڵی هەیە، لەبەر ئەوە گرنگە دوبارە ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن.
زێباری وتوشیەتی: ئێستا حكومەتی نوێ دروستكراوە گرنگە گفتوگۆ بكرێت لەبارەی ئەو ناوچانەوە، بەتایبەت لەبارەی مادەی 140، چونكە ئەو ناوچانە داعش و حەشدی شەعبیان لێیەو كێشە لەنێوان پێكهاتەكاندا هەیە، بۆیە گەر مادەی 140 جێبەجێ بكرێت كێشەكان هەمویان چارەسەر دەبن.
رونیشیكردۆتەوە، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكومەتی نوێی عیراق و هەرێم هەیەو هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەسەر هەموو پرسەكان گفتوگۆ بكات و چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەگەر تەمەنی ئەو حكومەتە زۆر بێت دەتوانن لەبارەی كێشەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان باش نیە بەردەوام كردەوەی لێ ئەنجام دەدرێت، گرنگە رێكخستن و پێداچونەوەی بۆ بكرێت بۆئەوەی دۆخی ناوچە كوردستانیەكان ئاسایی بكرێتەوە.