نەوا-
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی قەزای خانەقین كرد بۆ ئاگاداربون لە بارودۆخیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای دیالە پێشوازیكردوە لە ژمارەیەك شێخ و كەسایەتی دیاری قەزای خانەقین بۆ ئاگاداربون لە بارودۆخیان و گوێگرتن لە پێداویستی و نیگەرانییەكانیان بەمەبەستی چارەسەركردنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا.
مەندەلاوی لەمیانی دیدارەكەدا دوپاتیكردۆتەوە، ئەنجومەنی نوێنەران دەیەوێت یاسای گەڕانەوەی خانوبەرە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان جێبەجێ بكرێت بۆئەوەی دادپەروەری بگەڕێتەوە بەرامبەر بە پێكهاتەكانی گەلی عیراق، هەروەها بەدواداچون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە گەڕاندنەوەی ئەو مافانەی كە لە ئەنجامی بڕیارەكانی رژێمی پێشوی عیراقەوە دەركراون.
ئەوەش باسكراوە، ئەو كەسایەتییانەی خانەقین پێزانینیان دەربڕیوە بۆ رۆڵی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسای گەڕاندنەوەی خانوبەرە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان كە بە هەندێك بڕیاری ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی هەڵوەشاوە دەركرابون.