نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی بارودۆخی ئێستای سوریا گفتوگۆ كراوەو دوپاتكراوەتەوە كە هەرێمی كوردستان خۆی بە دوور دەگرێت لە هەر كێشەو ململانێیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتیی و وەك هەمیشەش بە فاكتەری ئارامیی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.
راشگەیەنراوە كە لەكۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردوەو لەهەوڵەكانیشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینكردنی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەم روەوە چاوەڕوانن حكومەتی فیدراڵ لە چەند رۆژی داهاتودا تەواوی شایستەی دارایی مانگەكانی 10 و 11 و12 بنێرێت تا لە نزیكترین دەرفەتدا موچە دابەش بكرێت.
ئەنجومەنی وەزیران داواشی لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردوە لە كۆبونەوەی داهاتویان چارەسەری بنەڕەتی كورتهێنانی تەرخانكراویی موچەی هەرێم بكات تاكو موچەخۆرانی هەرێم هاوتای هاوەڵەكانیان لەناوچەكانی دیكەی عیراق موچەكانیان بەتەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانوی تەكنیكی نەكرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەكانی موچەخۆران كە پێویستە دور بێت لە هەمو ناكۆكییەك.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپاردوە كە لەكاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەكی تر لە بەغداوە بۆ تەواوكاری موچە، راستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی موچەكان بكات.