پەیامی كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ سەرۆكایەتییەكانی عیراق راگەیەنرا

22 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
كەسوكاری شەهیدان لەیادی 37هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا پەیامێكیان ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو لایەنە سیاسیی و رێكخراوەكانی عیراق كرد.
لەبەشێكی پەیامەكەیاندا كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە رایانگەیاندوە، رژێمی لەناوچوی بەعس تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی دژی گەلی كوردو تەواوی گەلانی عیراق ئەنجامداوە، تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16/3/1988 بوە هۆی شەهیدبونی پێنج هەزار هاوڵاتی بێتاوان لە ژن و منداڵ و پیری شارەكەو برینداربونی زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی دیكە، هەروەها ئاوارەبونی خەڵكەكەی بۆ وڵاتی ئێران و خاپوركردنی شارەكە یەكێكە لە دڕندانەترین ئەو تاوانانەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ئەنجامدراون بە هەمو پێوەرە نێودەوڵەتیەكانیش تاوانی كۆمەڵكوژی جینۆسایدە.
راشیانگەیاندوە، سەرەڕای تێپەڕبونی 37 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تائێستاش كاریگەییەكانی ئەو چەكە كۆمەڵكوژە بەسەر خەڵكی هەڵەبجەو كۆڵانەكانیەوە دیارە بۆیە داوا دەكەن بە فەرمی دان بنرێت بە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە وەك تاوانی جینۆساید،  هەروەها بەوپێیەی حكومەتی ئێستا میراتگری حكومەتی پێشوە بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەرە كە قەرەبوی زیانلێكەوتوانی بكاتەوەو ئاوەدانی بكاتەوە، هەروەها داوا دەكەن یاسایەك دەربكرێت بۆ رێگریكردن لە دوبارەكردنەوەی هەر تاوانێكی دیكەی هاوشێوەی كیمیابارانی هەڵەبجە.
كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە داواشیانكردوە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق پەیوەندییە دیپلۆماسسیەكانی بەكاربهێنێت بۆ ناساندنی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە وەك تاوانی جینۆساید، هەروەها داواشیان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كردوە بەزوترین كات دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابونی بخاتە بەرنامەی كارەوە كە تەنها دەنگدانی ماوە، هەردو حكومەتی عیراق و هەرێمیش رێوشوێن بگرنەبەر بۆ دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیاو كەسایەتیانەی هاوكاری رژێمی پێشویان كردوە لە بەدەستهێنانی چەكی كیمیاییدا. 
كەسوكاری شەهیدان داواشیان لە سەرۆكایەتییەكان و سەرۆك حزبە سیاسییەكان كردوە رۆژی 16/3 بەشداری مەراسیمی ساڵیادی هەڵەبجە بكەن بۆ بەرزڕاگرتنی رۆحی قوربانیانی ئەو تاوانە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group