نەوا-
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عیراق (یۆنامی) بڵاویكردەوە، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عیراق كاردەكەن بۆ پێكهێنانی كۆمەڵێكی راوێژكاریی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا.
لە راگەیەنراوێكدا یۆنامی ئاشكرایكردوە، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عیراق و غولام ئیسحاقزای جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و هەماهەنگیكاری نیشتەجێ و مرۆیی لەعیراق ئەنجامدراوە بە ئامانجی ئەوەی وەزارەتی ژینگەی عیراق و نەتەوە یەكگرتوەكان بەیەكەوە كاربكەن بۆ پێكهێنانی كۆمەڵێكی راوێژكاریی لەبواری ژینگەو گۆڕانكاری كەشوهەوا، ئەمەش دەستپێشخەرییەكی گرنگە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەكان لە شارە گەورەكانی عیراق.
راشیگەیاندوە، ئەم كۆمەڵە راوێژكارییە دەبێتە سەكۆیەك بۆ هەماهەنگیكردن لەنێوان كۆششە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان و هەروەها بۆ دەستنیشانكردنی كارە هەرە لەپێشینەكانی بواری ژینگەو پتەوكردنی هاوبەشییكردنی جیهانی و شارەزایان و ئەكادیمیان و نوێنەرانی گەنجان و دامودەزگا سەرەكییەكانی حكومەتەو پێكەوە كۆیاندەكاتەوە.